سەربەخۆیی کوردستان و دوژمنەکانی

بەشوێن رۆژی دیاری کردنی رۆژی ٢۵ی مانگی سیپتامبری ٢٠١٧، بۆ بەڕێوەچوونی گشت پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک هەڕەشەی گەورە و بچوک لە هەموو لایەکەوە، لە دژایەتی لەگەڵ ئەم حەرەکەتە، رووی کردە خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم. دەوڵەتی تورکیە، ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەپاڵ دەوڵەتی عێڕاقدا، یەکێتی ئوروپا، دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەڕ دژی داعش، بە گشتی دەمیان بە دژایەتی و سەرکۆنە کردن کردۆتەوە. ئەگەرچی زمانی دژایەتی و هەڕەشەکان جیاوازن، بەڵام هەموویان خاوەنی یەک ناوەرۆکن.
ئەوەی کە ئایا سەرئەنجام رۆژی دیاریکراو، ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەدەچێت یان نا و یان ئەوەیکە ئامادەکاری پێویست بۆ بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ دواهاتەکانی ئەم بڕیارە کراوە یان نا، مەبەستی ئەم وتارە نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەئکید کردنەوە لەسەر دوو خاڵ بە پێویست دەزانین:
یەکەم، سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق نەتەنیا مافێکی حاشاهەلنەگری جەماوەری خەلکی ئەو هەرێمەیە، بەڵکو ئەمرۆکە لە ماف تێپەربۆە و بۆتە پێویستیەک. رەوایی سەربەخۆیی کوردستان لە مێژوی دەیان ساڵەی خەباتی خەڵکی ئەم ناوچەیە وەرگیراوە، کە لە پێناوی بەدەست هێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس گیانفیدایی کردۆە و چەندەها کارەساتی بەسەرهاتۆە. گشت پرسی تەنیا دەتوانێ لە چوارچێوەی پێوەندی نێودەولەتیدا بنەمایەکی یاسایی بۆ کوردستانی سەربەخۆی داهاتوو دابین بکات. مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە تا سەرئێسقان ئاوێتەی دمارگرژی مەزهەبی شێعەیە و تەنانەت توانایی بە یەکەوە ژیان لەگەڵ خەڵکی عەرەبی سوننەشی نییە، ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک دڵخوازی خەڵکی کوردستان بێت. لەگەڵ ئەوەدا سەرئەنجام دەبێت مەسەلەی نەتەوایەتی لەم کۆمەڵگایەدا چارەسەر بکرێت تا ڕێگا بۆ بەرەوپێش چوونی دواتر بەرەو ژیانێکی ئازاد، یەکسان، ئینسانی و حۆشگوزەران، واتە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی خۆش بکرێت. دووهەم، دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و تێکۆشان، ئەمرۆکە لە قۆناغێک داین کە پێویستیە ئەم مافە ڕەوایە لە کەم ئازار ترین و کەم تەلەفات ترین ڕێگاوە دابین بێت. لە ڕاستیدا ئەگەر باس و تێبینێک لەم بارەوە هەیە، لە سەر ئامادە کاری پێویست بۆ دابین بوونی ئەم مافە لە ئاستێکی گونجاودایە.
ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە رۆژی دیاری کراودا بەڕێوەبچیت یان نا، لە هەرحاڵدا تا ئێرەی خەرەکەتەکە ڕواڵەتی دوژمنانی ئاشکرا و شاراوەی خەڵکی کوردستانی زیاتر دەرخستۆە. ئەو کاردانەوانەی کە لەم رۆژانەی دواییدا لە پێوەند لەگەڵ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان، لە هێز و زلهێزەکان شاهیدی بووین، بۆ خەڵکی هەموو پارچەکانی کوردستان دەتوانێ خاوەن دەرس و ئەزموون بێت. لەم رۆژانەدا دیتمان کە هێزە جۆراو جۆرەکان سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی قازانج و بەرژەوەندی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەکن، بەرانبەر بەم پرسە یەکسان دەجوڵێنەوە. کۆماری ئیسلامی ئیران و دەوڵەتی ئامریکا لەم بارەیەوە دوو نمونەی دیارن. هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی روون تر و بێ پەردە تر لەوانی دیکەیە. لە تازە ترین نمونەیدا عەلی شەمخانی دەبیری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی وتویەتی:” ئەم کردارانە بە شێوەی حەتمی کاریگەری لە دژی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەبێت”. دیارە کاریگەری دژی ئاسایشی هەرێمیش لە هەنگاوی یەکەم بە واتای هاندانی دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقە بۆ هێرشی سەربازی و هەوڵدانە بۆ هەلخراندنی کێشەی نەتەوایەتی و مەزهەبی لەو ناوچانەدا کە لە رووی ئائینی و نەتەوەیی پێکهاتەیەکی تێکەڵیان هەیە. بەڵام شەمخانی تەنانەت پێی لەوەش زیاتر دەرێژ کرد و بە زمانێکی شاراوەتر بە بیانوی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هێزە نەیارەکانی ڕژیم لە هەرێمی کوردستان، هەڕەشەی لەشکر کێشی و دخاڵەتی ڕاستەوخۆی نیزامیش دەکات و دەڵێ :” ئێران لە چوارچێوەی دابین کردنی ئەمنیەتی سنورە هابەشەکانی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ حوزور و چالاکی دژی شۆڕشی ئێرانی کە لە هێبدێک ناوچە کوردستانی عێراقدا جوڵەیان هەیە بە شێوەیەکی جیدی بە بۆچونەکانیدا دەجێتەوە و بەتەواوەتی جیاواز لە ڕابردو دەجوڵێتەوە”.
هەڵبەت کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوشدا قەت لایەنگری دۆستایەتی و سازان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە. مامەڵە کردن و سازان لەگەڵ ئەم ڕژیمە نە تەنیا زەڕەیەک لە پیلانەکانی ئەم دەوڵەتەی لەدژی خەڵکی کوردستانی عێڕاق کەم نەکردۆتەوە، بەڵکو ئەم ڕژیمەی دڕتریش کردوە. بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە گشت زەرفیەتەکانی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی عێراق و لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەکاربێنێ، تەنیا بە هۆی هاوسەنگی هێزی واقعی و ریزبەندی سیاسی لە ناوچەکەدا بۆە. ئێستا کە شمشێری لە کالان دەرکێشاوە، دیسان لەژێر کاریگەری ئەم هاوسەنگیە واقعیە دایە کە تواناییەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان بەرتەسکە و هەڕەشەکانی تا ئاستێکی زۆر بێ ناوەرۆکن. بەڵام هەر ئەو هەرەشە گورەشانە بەسن بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لە دوژمنایەتی ئەم ڕژیمە لەگەڵ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانی عێڕاقدا هەبێت.
لەم نێوانەدا سیاسەتی ڕیاکارانەی دەوڵەتی ئامریکاش بۆ خەڵکی کوردستان دەرس و ئەزمونی تێدایە. ساڵانێکە ئەحزابی سیاسی دەسەڵاتدار و لە دەرەوەی دەسەڵات لەم ناوچەیەدا، بەڵێن بە خەڵکی کوردستان ئەدەن کە گۆیا دەوڵەتی ئامریکا پشت و پەنای ئەوانە. هەر بەم بۆنەیەوە پرۆسەی کاولکردنی عێڕاقیان ناو ناوە” پرۆسەی ئازادی عێڕاق”. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەموان دەزانن، ئەگەر لە ناوچەکانی کوردستاندا دۆخێکی جیاواز لە چاو بوونی باقی شوێنەکانی دیکەی عێڕاق، پێکهات‌وە نەک بە بەرەکەتی بە ناو پرۆسەی ئازادی عێڕاق لە لایەن ئەڕتەشی ئەمریکاوەیە، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و خۆڕاگری ئەو خەڵکە لەو ناوچەیەدا بۆ گەیشتن بە ئازادی . هەموان لە بیریانە کاتێک کە لە جەریانی هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێڕاق هێزەکانی پێشمەرگە ویستیان بەرەو کەرکوک بچن، چلۆن لە لایەن فرۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەرتەشی ئەمریکاوە هێرشیان کرایەسەر. دوای ئەوەی کە ئەڕتەشی ڕژیمی سەدام لە ساڵی ١٩٩١ دا لە کۆیت دەرپەڕیندرا، ئەوە ئەڕتەشی ئەمریکا بوو کە مەیدانی دا بە هێرشی هێزەکانی ڕژیمی بەعسی عێڕاق بۆ داگیر کردنەوەی سەرلەنوێی کوردستان، کە بە ڕاپەڕینی خەڵکی ئازادی خواز رزگار کرابوو. کارەساتێک کە ویژدانی بەشەریەتی هەژاند. مەداری ٣۶ دەرەجە بۆ بەرتەسک کردنەوەی چالاکی هێزی ئاسمانی عێڕاق، تەنیا دوای روودانی ئەم کارەساتە کە بە هەزاران کەس تەلەفاتی ئینسانی بەشوێنەوە بوو، ئەویش لەژێر گوشاری ڕایگشتی خەڵکی دنیادا دیاری کرا. لە گشت ٢۶ ساڵی ڕابردودا دەوڵەتی ئەمریکا کە ئەیتوانی یارمەتیدەری بوژاندنەوەی ئابووری ئەم ناوچەیە و لەسەر پێی خۆ وێستانی بێت، نە تەنیا خۆی لە پێشکەش کردنی کەمترین ڕاوێژی باش و بە قازانج کە زەمانەتی ئیجرایی هەبێت پاراست، بەڵکو لە هەمان رۆژی یەکەمەوە بە هەڵڕشتنی پارەیەکی زۆر و بێ حیساب و کیتاب بۆ هێزە سیاسیەکان، ڕێگای بۆ گەندەڵیەکی داراییەکی بەرین، کە تا ئێستاش خەڵکی کوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنن، خۆش کرد. لە حاڵێکدا کە بە دەسەڵات و نفوزێک کە لە عێڕاقدا و لەسەر حیزبە سیاسیەکانی کوردستان هەیبوو، دەیتوانی بەر بە روودانی شەڕی نێوخۆیی بگرێت، هیچ هەنگاوێکی کاریگەری لەم زەمینەیەدا هەڵنەگرت، تا لایەنە دەرگیرەکان ئەوەندەیان یەکتر بە قیمەتی گیان و ژیانی خەڵک خەڵتانی خوێن کرد، کە درێژە پێدانی لەوەزیاتر، ڕەنگ بوو زیان بە بەرژەوەندیە درێژ مەوداکانی ئەمریکا بە تایبەت لە ئەگەری دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی بگەیەنێ. ئەو کاتە بوو کە نیوبژیوانی کرد و شەڕی نێوخۆیی کۆتایی هات. ئەگەر تاوانی شەڕی نێوخۆیی و ئەو خوێنانەی بە ناحەق ڕژاون، دابەش بکرێ‌، ئەوە بێگومان دەوڵەتی ئامریکا پشکی شێری بەردەکەوێ. لەم رۆژانەی دواییدا دەوڵەتی ئەمریکا هەڕەشەی خۆی لەدژی سەربەخۆیی کوردستان لە چوارچێوەی دڵسۆزیدا دەردەبڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا چ لە ڕێگای نێردەی تایبەتی خۆیەوە بۆ ناوچەکە و چ لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ڕەسمی کۆشکی سپیەوە، نە تەنیا لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشت پرسیدا دژایەتی دەکات، بەڵکو بەکردەوە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق هەم بۆ لەشکر کێشی بۆسەر کوردستان و هەم بۆ بەرپا کردنی شەڕێکی مەزهەبی و قەومی لەو ناوچانەدا کە نەتەوە و مەزهەبی جیاوازیان تێدا بە یەکەوە دەژین، هان ئەدات.
بابەتی ڕیفڕاندۆم بە هەر ئاکامێک بگات، تا ئێرەی مەسەلەکە، خاوەنی گەلێک دەرس و ئەزمونی بەنرخە بۆ خەڵکی کوردستان. ئەم دەرسانە نابێ فەرامۆش بکرێن.
ئەم بابەتە لە سایتی پەیام وەرگیراوە و وتەی رۆژی تلویزیونی کۆمەلە به کوردی و تلویزیونی حزبی کۆمۆنیستی ئێران به فارسییە .

0 پاسخ

دیدگاه خود را ثبت کنید

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *