ئیبراهیم عەلیزادە: بانگەوازی شۆرشی ئۆکتۆبەر درەنگ بەکوردستان گەیشت

ئیبراهیم عەلیزادە، سکرتێری سکرتێری کۆمەڵەی سەر بەحیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت “ئێمە دەتوانین کۆمەڵێک کاریگەری ئەرێنی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەروی هوشیاری سیاسیەوە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان دەستنیشان بکەین”.

ئا: لەیلا جەمال

ئاوێنە: نزیکی جوگرافیی ئێران لەڕوسیاو کاریگەریی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر ئازەرییەکان، وەک دراوسێی کوردەکان، ڕۆڵی چی بوو لەسەر ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستانەوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: خەلکی کوردی ئێران کاریگەرییەکی ئەوتۆیان، لەشۆرشی ئوکتوبەر وەرنەگرت. ئەوەی کە پێوەندی بەکاریگەری یەکێتی سۆڤیەت لەسەر کوردستانی ئێرانەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ۲۳ ساڵ دواتر، واتە سەردەمی شەڕی دوهەمی جیهانی، ئەو کاتەی کە کۆماری مەهاباد لەسالی ۱۹۴۶ دامه زراو ۱۱ مانگ دەوامی هێنا. پەیوەندی خەباتی خەلکی ئازەری بەشۆرشی ئۆکتۆبەرەوە، بەپێچەوانەی کوردستان، پەیوەندیەکی لەنزیکەوەو کاریگەر بو. ئەو نزیکایەتییە هۆکاری ئابوری‌و کۆمەلایەتی هەبو. لەسالانی سەرەتای سەدەی بیستەم، پیشەسازی نەوت لەباکۆ پایتەختی ئازەربایجان، پەرەیسەند بو. بەسەدان هەزار کرێکاری ئازەری لەبەشی ئێرانەوە بۆ کارکردن رویان کردبۆە ئەو ناوچەیە. ئازەربایجان لەهەمانکاتدا ببو بەناوەندێکی گرینگی چالاکی کۆمونیستەکانی ئەو سەردەمی روسیا (کە ئەوکات ناویان سوسیال دیموکرات) بو. رێبازو بەرنامەی “سوسیال دیموکراسی” لەرێگەی کرێکارانی موهاجیرەوە کە بەردەوام لەنیوان دو بەشی ئازەربایجان لەهاتوچوندا بون، دەگۆازرایەوە بۆ ئازەربایجانی ئێران. یەکەم ریکخراوی چەپ بەناوی کۆمەڵەی “سوسیال دیموکراتەکانی ئێران” لەساڵی ۱۹۰۴و لەسەرەتای دەسپێکی شۆرشی مەشروتیەت، پێکهات‌و ئەو رێکخراوە بەشداری چالاکانەی لەو شۆرشەدا بو. ئەو رەوتە دوای سەرکەوتنی شۆرشی ئوکتوبەر، بوو بە”حیزبی کمونیستی ئێران”. بیری چەپ کاریگەرێکی گەلێک بەرچاوی لەسەر شۆرشی مەشروتەی ئێران لەسالەکانی ۱۹۰۴- ۱۹۱۱هەبو، بەڵام کوردستانی رۆژهەلات لەم شۆرشەدا دەوری نەبو. لەراستیدا ئەوکاتە خەباتێکی نەتەوایەتی بەواتای دەقیقی وشە، لەکوردستانی ئێران سەری هەلنەدابو. کوردەکان وەکو لەدرێژەی مێژوی تا ئەوکاتیان، لەمابەینی بەرداشی دو دەوڵەتی ئێران‌و عوسمانیدا، ببون بەئامڕازی حیساب لەیەک دەرکردن‌و ململانێی ئەم دو دەوڵەتە.

ئاوێنە: ئایا هەژمونی روسەکان لەجەنگی دوەمی جیهانیەوە بەسەر ئێراندا، لە سودی کێشە نەتەوەییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات شکایەوە یاخود بەپێچەوانەوە؟

ئیبراهیم عەلیزادە: پێش شۆرشی ئۆکتوبەر، ئێران لەنێوان روسیاو بەریتانیادا، بەسەر دوو ناوچەی نفوز دابەش کرابو. بەلشەفیکەکان دەسبەجێ هێزەکانی رژیمی پێشویان لەئێران کشاندەوەو پەیماننامەی دابەش کردنی ئێرانیان لەگەڵ بەریتانیا هەڵوەشاندەوە. مەسەلەکە لەروی مێژوییەوە هیچ نارونییەکی تێدا نییە. کاتێک کە شۆرشی ئۆکتوبەر لەروسیا سەرکەوت هێزەکانی روسیا لەباکوری ئێران‌و لەکوردستانیش کشانەوە. قەیرانی سیاسی لەئێران سەریهەلدا، ئێران بەکردەوە پارچە پارچە بو. رەزاشا بەیارمەتی بەریتانیا، کەوتەخۆ بۆ سەرکوت کردنی سەرهەڵدانەکان‌و لەوانە سەرکوتی سەرهەڵدانی عەشیرەتی شکاک بەسەرۆکایەتی سمایل ئاغای سمکۆ لەکوردستان‌و شیخ خەزعەل لەخوزستان. لەبەردەم شەڕی دووهەمی جیهانیدا رەزاشا لەبەریتانیا هەڵگەرایەوەو بو بەلایەنگری ئاڵمان. “ئەرتەشی سوور” لەباکوری ئێرانەوەو “ئەرتەشی بەریتانیا” لەباشورەوە هاتنە ناو خاکی ئێرانەوەو ئەرتەشی شا بێ بەرگری تێکشکاو رەزاشا لەئێران دورخرایەوەو کوڕەکەی لەجێگەی داندرا. کوردستانی ئێران لەسەقزەوە بەرەو باکور لەژێر کونتروڵی “ئەرتەشی سوور”دابو. وەکو سیاسەتێک، ئەرتەشی سور هەر شوێنێکی لەشەڕدا داگیرکردبا، بەیارمەتی هێزە محەلیەکان، حکومەتێکی خۆجێی تێدا دادەمەزراند. هەر وەکو چۆن لەوڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا کە لەژێردەستی سوپای ئاڵمان رزگاری کردبون هەر ئەو کارەی کرد. دوای کۆتاییهاتنی شەڕو بەپێی رێکەوتننامەی “یاڵتا”، کە لەڕاستیدا دابەش کردنی جیهان بو لەنێوان دو زلهێزی “یەکێتی سۆڤیەت”و “ویلایەتە یەکگرتۆەکانی ئامریکا”، “ئەرتەشی سوور” ئەبوایە لەباکوری ئێران پاشەکشە بکات. بەپێی بەلگەنامەکان، تەنانەت کاتێک ئەرتەشی سوور لەکشانەوە لەباکوری ئێران‌و لەنیمچە دورگەی باڵکاندا تەئخیری کرد، ئەمریکا هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتومی کرد. کۆماری مەهاباد کە لەژێر سێبەری ئەرتەشی سووردا پێکهاتبوو، توانای موقاوەمەی بەرانبەر بەهێرشی رژیمی شا لەخۆیدا پێکنەهێنابوو. هەربۆیە بەبێ هیچ چەشنە بەرگریەک خۆی بەدەستەوەدا. هێزی چەکداری کۆمار، هێزی عەشیرەت‌و دەرەبەگەکانی کوردستان بوو، کە هەستی نەتەوایەتی بەلایانەوە واتایەکی نەبو. ژەمارەی هێزی پێشمەرگە کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری مەهاباد دابون، ئەوندە نەبوو بتوانێ ئاسایشی ناوخۆیی تەنانەت یەک شاریش دابین بکات، چ جای ئەوەی بەرانبەر بەسوپای شا بەرگری لەکۆمار بکات. زوڵم‌و زۆری دەربەگەکان کە هەلپەرەستانەو بەهۆی دەسەڵاتی ئەرتەشی سوورەوە خۆیان بەلایەنگری کۆمار هەڵدەخست وای کردبو جەماوەری خەلکی کوردستان، کە ئەوکات لەسەدا ۷۵یان لەگوندەکان دەژیان، بەهیچ شێوەیەک دڵیان بەکۆماری مەهاباد خۆش نەبێ تا بەرگری لێبکەن. دوای هەلوەشانەوەی کۆماری مەهاباد بوو کە بزوتنەوەی جوتیاران لەدژی دەرەبەگەکان لەناوچەکانی موکریان هەڵگیرسا ئەویش بەهۆی نەبونی سەرکردایەتێکی سیاسی، تێکشکا. هۆکاری شکستی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کە کوردستانی ئێران لەسەردەمی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دوهەمی جیهانی لاوازی بابەتیی بزوتنەوەکە خۆی بوو، نەک زەربەلێدانی یەکێتی سۆڤیەت. ئێمە هەر هەڵسەنگاندنێمان بۆ ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت هەبێ، مێژووی واقعی لەم روەوە خەتایەک لەسەر ئەم دەوڵەتە تۆمار ناکات. کۆماری مەهاباد بەم شیوەیەی کە دامەزرابوو، بەوهێزانەی کە پێی پشتئەستور بو، چارەنوسێکی غەیری شکست نەبو. هەر ئەوەندە دەیتوانی بونی هەبێ کە ئەرتەشی سوور لەناوچەکەدابو.

ئاوێنە: کۆمەنیستەکان تاڕادەیەک ئامڕازێک بون بەدەست یەکێتی سۆڤێتەوە، کۆمەنیستە کوردەکان، بەتایبەت خۆت‌و هاوڕێکانت کە کۆمەڵئ گەنجی زانکۆکانی تاران بون، لە سەرەتای حەفتاکاندا کاریگەر بەبیری چەپ‌و ماوی، پرۆژەتان چی بو بۆ کۆمەڵگەکە، کە ئەوکات کوردستانی ڕۆژهەڵات گیرۆدەی بارودۆخی سەختی ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ببو؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە ئامڕازێک نەبوین بەدەست یەکێتی سۆڤێتەوە، کۆمونیستەکانی دیکەی ئێرانیش هەمویان وانەبون. لەو سەردەمەدا کە ئێمە چالاکی سیاسیمان دەستپێکرد یەکێتی سۆڤیەتمان بەوڵاتێکی سوسیالیستی نەدەزانی. ئەو بەشە لەچەپەکانی ئێران کە لەدەوری حیزبی تودەی ئێران کۆببونەوەو هەموو چەپی ئێرانیش هەر ئەوان نەبوون، یەکێتی سۆڤیەتیان بەناوەندی کۆمۆنیسمی جیهانی دەناسی‌و بەپێی بیروبۆچونیان، لایان وابوو کە هەمو هەوڵەکان دەبێ لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەم ناوەندەدا بێت. ئێمە بەپێی ئەزمونی خەباتی خەڵکی کوردستان‌و بەپێی ئەزمونی ئەوکاتی هەمو گەلانی جیهان‌و بەپێی دونیابینیەکی زانستیانەی کە باوەڕمان پێیبو، دەمانزانی کە هیچ کێشەیەکی کۆمەلایەتی لەدژی نیزامی کۆن‌و لەدژی رژیمێک کە ئەو نیزامە دەپارێزێ، بەبێ پشتبەستن بەهێزی جەماوەر سەرناکەوێ‌. بەڵام هێزی جەماوەر لەدەوری دروشم‌و سیاسەتێک کۆدەبێتەوە کە کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەمڕۆی ئەوان‌و بەدیهێنانی ئاواتەکانی دواڕۆژیان نوینەرایەتی بکات. ئەو جەماوەرەش خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بون کە ئەوکات زۆربەی هەرەزۆریان لەگوندەکان دەژیان. هەربۆیە ستراتیژی ئێمە لەسەر بنەمای ریشەکێش کردنی نیزامی دەرەبەگایەتی دامەزرابو. ئێمە لامانوابو هێزی پێویست لەدژی ستەمی نەتەوایەتیش لەپرۆسەی وەها خەباتێکدا دەیتوانی کۆبێتەوە. دواکەوتویی ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی لەرەوتی وەها شۆرشێکدا دەیتوانی چارەسەربێت. ئەمە جەوهەرو ناوەرۆکی بەرنامەو ستراتێژی ئەوکاتی ئێمە بو.

ئاوێنە: ئایا شۆڕشی ئۆکتۆبەرو سیاسەتەکانی بەرامبەر بەگەلانی دراوسێی سۆڤێت، توانی ڕۆڵێکی ئەوتۆ ببینئ لەسەرهەڵدانی هوشیاری سیاسی لای کوردەکانی ڕۆژهەڵات؟

ئیبراهیم عەلیزادە: یەکەم بڕیاری شۆرشی ئۆکتۆبەر، هەڵوەشاندنەوەی هەمو رێککەوتنەکانی رژێمی قەیسەری لەگەڵ بەریتانیاو لەدژی نەتەوەکانی بندەست‌و وڵاتانی دراوسێی روسیا بو. بانگەوازی شۆرشی ئۆکتۆبەر، مافی دیاریکردنی چارەنوس بۆ نەتەوەکانی بندەست بو کە تەنانەت پێش شۆرشی ئۆکتۆبەریش لەناو بەلشفیکەکاندا مشت‌ومڕی لەسەر کرابوو ببو بەبۆچونێکی جێکەوتوو. شۆرشی ئۆکتۆبەر سەرەتای وەخەبەرهاتنێکی بەرینی کۆمەڵایەتی لەئاستی جیهانیدا بو. لەهەر شوێنێک کە چەوساندنەوەو هەڵاواردن‌و ستەم‌و نایەکسانی هەبو، بانگەوازی ئەو شۆرشە بەهەست‌و سۆزەوە وەرگیراو لەچەندین شوێن وەڵامی وەرگرتەوە. دەیان ریفۆرمی کۆمەلایەتی لەوڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری بەشوێن خۆیدا هێنا، رەوتی رزگاری وڵاتان لەژێر چنگی ئیستعمار خێراتر بۆەوەو دەیان وڵات یەک لەدوای یەک سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێنا. بێگومان ئەو بانگەوازە لەناو رۆشنبیرانی کوردیشدا رەنگدانەوەی هەبو. شیعرەکانی مامۆستا قانع‌و گۆران چاو لێبکەن، نیشانەیەکی ئەو کاریگەرەیە دەبینن. بەداخەوە لەبەر گەلێک هۆکاری بابەتی کە پەیوەندی بەدواکەوتویی کۆمەڵگای کوردستان‌و لەخوارەوە بونی ئاستی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان‌و لەخوارەوەبونی ئاستی هوشیاری سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەوە بو، بانگەوازی شۆرشی ئۆکتۆبەر درەنگ بەکوردستان گەیشت‌و تەنیا لەسەروبەندی شەڕی دوهەمی جیهانیدابو کە ئێمە دەتوانین کۆمەڵێک کاریگەری ئەرێنی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەروی هوشیاری سیاسیەوە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان دەستنیشان بکەین.

ئاوێنە: پێگەو ڕۆڵی کورد چۆن هەڵئەسەنگێنن لەناو گروپی ۵۳و حیزبی تودەدا، بەشداری کوردەکان شتێک بوو هاوشێوەی بەشداری کوردەکانی باشورو ڕۆژئاوا لەناو شیوعیەکانی عێراق‌و سوریادا، یاخود بارودۆخۆکە لەئێران جیاواز بو؟

ئیبراهیم عەلیزادە: لەروی مێژوویەوە کوردەکان لەسەر گروپی ۵۳ نەفەر کە دوای هاتنەدەر لەزیندانی رەزاشا، حیزبی تودەیان دامەزراند، کاریگەرێکیان نەبوو. دواجار کە ئەرتەشی سوور هاتە کوردستان‌‌و “کۆمەلەی ژیانەوەی کورد” بو بەحیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی تودەی ئێران چالاکیەکانی خۆی لەئازەربایجان‌و لەکوردستان پەرە پێدا. ژمارەیەکیش هەڵسوڕاوی سیاسی کورد لەهەمانکاتدا کە ئەندامی حیزبی دیموکرات بون، لایەنگریشیان لەحیزبی تودەی ئێران دەکرد. بۆ ماوەیەکیش حیزبی تودەی ئێران حیزبی دیموکراتی وەکو لقێکی خۆی چاولێدەکرد. ئەم رەوتە دوای شکستی کۆماری مەهابادو بەتایبە دوای کۆنگرەی دوهەمی حیزبی دیموکرات کە لەکوردستانی عێراق بەریەوەچوو لاواز بو. دوای روخانی رژێمی پاشایەتی لەئێران بۆ ماوەیەک دوبارە رەوتی سەر بەحیزبی تودە لەناو حیزبی دیموکراتدا سەریهەڵداوەو بو بەهۆی جیابونەوەیەکی گەورە لەو حیزبەدا. سەرجەم ئەوە راستە کە شیوعیەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەهۆی پشتبەستنی بێ شەرت‌و مەرجیان بە بەرژەوندیەکانی یەکێتی سۆڤیەت، کەم‌و زۆر سیاسەتێکی هاوشێوەیان هەبوە.

ئاوێنە:هاوکاریتان لەگەڵ گروپەکەی مەنسوری حیکمەت لە ۱۹۸۳بۆچی‌و جیابونەوەتان لەچی؟ ئایا لەسەر هەڵسەنگەیاندنی راپەڕینی کوردستان کێشەکەتان تێکەوت؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئێمە لەگەڵ گروپی “یەکیتی تێکۆشەرانی کۆمونیست”، کە مەنسوری حیکمەت لەکەسایەتیە دیارەکانی بو، هەروەها کۆمەلێکی دیکە لەهێزە چەپەکانی ئێران، لەسالی ۱۹۸۳ حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانمان پێکهێناو ئەوەش بۆ ئێمە بڕیارێکی کوتوپڕو لەناکاو نەبو. بەپێی بۆچون‌و ئەولەویەتێک بو کە هەر لەسەرەتای پێکهاتنی کۆمەڵە لەساڵی ۱۹۶۹وە لەسەری ساغ بوین. بەپێی ئەو بۆچونە، رێکخراوی کۆمەڵە تەنیا راگوزارێک بوو بۆ پێکهێنانی حیزبی کومونیستی ئێران. دواجاریش لەساڵی ۱۹۹۱ ئەوە رەوتی کۆمۆنیسمی کرێکاری بەرابەرایەتی مەنسوری حیکمەت بوو کە لەحیزبی کۆمۆنیستی ئێران جیابونەوە. ئێمە وەکو حیزبی دایک لەجێگەی خۆمان ماینەوە. یەکێک لەناکۆکیەکانی جیدی ئێمەو ئەوان لە سەر هەلسەنگاندنی جیاوازمان بۆ راپەرینی کوردستانی عێراق. بەڵام تەنیا ئەوەش نەبو. کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران‌و عێراق‌و کاریگەری لەسەر چالاکی کۆمەڵە، مانەوە یا نەمانەوەی ناوەندەکانی کۆمەڵە لە کوردستانی عێراق‌و داهاتوی خەباتی پێشمەرگانە، لەو بابەتانە بون کە مشتومڕی زۆریان لەسەر کراو سەرئەنجام رۆیشتنی ئەوانی لەکۆمەڵەو لەحیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی لێکەوتەوە.

ئاوێنە: سەد ساڵ تێپەڕی بەسەر ئۆکتۆبەردا، خۆری شۆڕش لەلینینەوە هەڵهات‌و لەگۆرباتشۆڤدا ئاوابو، دوای سی ساڵ زیاتر لەکاری سیاسی، خۆری ئێوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کەی هەڵدێت؟

ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوەی کە یەکێتی سۆڤیەت لەسەردەمی گورباچۆفدا بۆ هەڵوەشایەوەو ئەوەی کە ئەو شۆرشە بۆچی ئامانجە سۆسیالیستیەکانی خۆی نەپێکا، دو بابەتی جیاوازن‌و هەڵسەنگاندنی جیاوازیان بۆ دەکرێ. شۆرشی ئۆکتۆبەر ۱۰ تا ۱۲ ساڵ دوای هەلگیرسانی، بەرە بەرە لەئامانجەکانی خۆی دورکەوتەوەو بەو واتایە شکستی خوارد. چینی کرێکار لەحکومەتێک کە بەدەستی خۆی دایمەزراندبوو نامۆ ببو، بەڵام ئەوە ۶۰ ساڵ دواتر بو کە یەکیتی سۆڤیەت وەکو سیستمێکی سیاسی‌و ئابوری دیاریکراو، داڕما. هەردو حاڵەتیان لەبنەڕەتدا هۆکاری ئابوریان هەبوو. شکستی یەکەمیان بەهۆی ئەوە بو کە نەیتوانی شۆرشی سیاسی رۆژانی ئۆکتۆبەری ۱۹۱۷بگوازیەتەوە بۆ شۆرشێکی ئابوریی لەساڵانی دواتردا. نەیتوانی گوڕانکاری بنەڕەتی لەژیانی ئابوری چینی کرێکارو لەکۆنترۆلی چینی کرێکار بەسەر رەوتی بەرهەمهێناندا پێکبهێنێ. چینی کرێکار کە پێشتر لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە دەچەوساوە، ئەوجار کاری بۆ دەوڵەتێک دەکرد کە ئەولەویەتی خۆی لەکێبڕکێ لەگەل زلهیزەکان‌و لەپێناوی دامەزراندن‌و بەردەوام مانەوەی روسیایەکی بەهێز دەستنیشان کردبو. بۆرژوازی لەسیمای دەوڵەت‌و دام‌و دەزگای حیزبیدا سەریهەڵدابۆەوەو لەهەمانکاتدا ئامڕازەکانی خەباتی چینایەتی واتە سەندیکاو رێکخراوی کرێکاری‌و ئازادی لێزەوت کرابو. شکستی دوهەمیشان هەر هۆکار ئابوری هەبو. یەکێتی سۆڤیەت توانای کێبرکێی ئابوری لەگەڵ دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاواو بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتۆەکانی ئامریکای لێبرا. محەمەد حەسنین هیکەل رۆژنامەنووسی بەناوبانگی میسری لەسەر هۆکاری ئەو داڕمانە رونکردنەوەیەکی کۆنکرێتی لەوتوێژ لەگەڵ راکفلێر میلیاردێری ئامریکایی هەیە کە گەلێک شەفاف‌و گەلێک سەرنج راکێشە*.

بەڵام خۆری ئیمە کەی هەڵدێت؟ بەگەلێک هۆکاری، میژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و ئابوری کە هەمویان بابەتین، ئێمە بەداهاتوی تێکۆشانی خۆمان نەک هەر لەرۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لەهەمو ئێران گەشبینین. یەکەم، بڕواننە مێژوی سەد ساڵی رابردو لەئێران. هەر کاتێک کە ئەم وڵاتە پێیناوەتە بارودۆخی شۆرشەوە، هێزی چەپ تێیدا دەوری بەرچاوی نواندوەو تەنیا لەرێگەی خوێناویترین سەرکوتەوە شکاوەو دیسان سەری بەرزکردۆتەوە. فەرهەنگ‌و هونەرو ئەدەبیات‌و کولتورو ئەخلاقی پێشکەوتوی ئەو وڵاتە ئەساسەن لەژێر کاریگەری رەوتی چەپدابوە. ئەوە حەقیقەتێکی مێژووییە، بۆ نمونە هەر کۆمەڵە لەسالی ۱۹۷۹ وەکو هێزێکی چەپ‌و کۆمۆنیست لەبەشێکی زۆر لەکوردستان دەوری سەرەکی هەبو، چ لەبەڕێوەبردنی وڵات‌و چ لەرێکحستنی موقاوەمەتی جەماوەری‌و چەکداری.

دوهەم، رەوتی ئێمە بۆ هەمو کێشە کۆمەڵایەتی‌و سیاسیەکانی کۆمەلگای ئەمڕۆی ئێران‌و کوردستان، بەرنامەو وەڵامی کۆنکرێت‌و شەفافی هەیە، بەکردەوە کار دەکات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەلک، بەوشیارکردنەوەی بەردەوام، بەرچاوروونی دەدا بەجەماوەر بۆ داهاتویان. ئێمە چاوەڕوانی شۆرش دانەنیشتوین، هەوڵئەدەین لەهەر ئان‌و ساتێکدا بۆ جەماوەری خەڵکی ولاتەکەمان بەکەڵک بین، بەمجۆرەیە کە بۆ کاتی شۆرشیش ئامادە دەبین.

سیهەم، کوردستان‌و ئێران بەگشتی، وڵاتێکی لەروی ئابوریەوە دواکەوتو نییە. پەیوەندیەکانی بەرهەهێنان گەشەی کردوە، ئەو وڵاتە خاوەنی دەیان ملیون کرێکارە کە بەردەوام سەروەت‌و نیعمەت دەخولقێنن، خاوەنی لەبارترین کەش‌و هەوایە بۆ ئەوەی هەمو بەرهەمێکی کشت‌وکالی بەقەدەر زیاتر لەپێویستی جەماوەرەکەی دابینبکات. لەسەر دەریایەک لەسەروەتی ژێرزەوی رۆنیشتوە. ئێوە بەراوردی ئێستای ئێران بکەن لەگەڵ سەردەمی شۆرشی ئۆکتوبەر لە ۱۹۱۷ لەروسیا. ئەوکات مەسەلە ئەوە بو چۆن دەتوانن کارەبا بۆ گەشەپێدانی تیکنولۆژی‌و خزمەتگوزاری بەکاربهێنن، ئێستا مەسەلە ئەوەیە کە چۆن بەئوتوماسیون‌و بەکارهێنانی پیشەسازی پێشکەوتو، کاتی کار کردن کەم کەنەوە‌و ناتەبایی نێوان کاری فکری‌و کاری دەستی لەناوبەرن. سەردەمی تەقینەوەی زانیاری‌و دەستراگەیشتنی هەمو کەس بەگرینگترین زانیاریەکانە. کێشە ئەوەیە کە ئەو زەرفیەت و ئیمکاناتە بەلێشاوە لەژێردەسەڵاتی سیستمێکی بەرهەمهێناندایە کە نەک لەپێناوی دابینکردنی ژیانی ئاسودە بۆ جەماوەری خەلکی ئەو وڵاتە، بەلکو لەپێناوی کۆکردنەوەی قازانج بەکاردێت‌و دەوڵەتێک دەیپارێزیت کە زیاتر لەنیوەی داهاتی ئەو وڵاتە دەکات بەقوڕگی ئەژدیهای شەرو شەرخۆازیەوەو بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی ناوخۆ بەکاریدەهێنێت. کە ئەو دەوڵەتە نەما، دەرفەت بۆ دەرس وەرگرتن لەئەزمونی شکستی شۆرشی ئوکتوبەر دەخولقێ، ئەوجار لەبارودۆخێکی ئابوری گەلێک پێشکەوتوترو لەبارتردا. چوارەم، ئاستی تێگەیشتن‌و فەرهەنگ‌و زانستی جەماوەر چۆتە سەرێ، ئیوە چاو لەوە مەکەن کە ملیونێک یا دوو ملیون سینگی خۆیان بۆ حەسەن‌و حوسین دەکوتن‌و رودەکەنە کەربەلاو نەجەف، کۆمەڵگای ئێران ۸۰ ملیون دانیشتوانی هەیە. پێوانەی دیکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو جەماوەرە پێویستە بەکاربێنن، تا بزانن ئەو گەشبینیەی ئێمە لەراستیدا واقیعبینیە. سەڕەرای هەموی ئەمانە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی زیندووی سیاسیە. چاو لەو حەرەکە جەماوەریانە بکەن لەماوەی یەک دو ساڵی رابردودا رویانداوە، تا ئاستی ئەو وشیاریە جەماوەریەتان بۆ دەربکەوێ‌. بەردەوام لەسەرپێ‌و ئامادەن بۆ ئەوەی بەهانای یەکترەوە بچن، بۆ ئەوەی پشتیوانی لەهاوچارەنوسانیان لەودیوی سنورەکانەوە بکەن.

• محەمەد حەسەنین هەیکەل، نوسیویەتی:

لەدەیەی حەفتای زاینیدا لەگەڵ نووسینگەی ڕاکفلێر سەرمایەداری گەورەی ئەمریکا پێوەندیم گرت و داوای وتووێژێکم لێکرد، منیان ناسیەوەو ڕاکفلێر هاتە پشت خەت‌و وتی “ڕەنگە منت لەگەڵ براکەم کە جێگری سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە لێتێکچوبێت، دەنا خۆ من سیمایەکی سیاسی نیم تا سەرنجی تۆم ڕاکێشابێت. وتم نابەڕاستی دەمەوێ لەگەڵ ئێوەدا وتووێژ بکەم”.

کاتی دیاریکراو لەقاهیرەوە بەرەو نیویورک کەوتمەڕێ. لەسەرەتادا لەمنی پرسی بۆچی دەتەوێ لەگەڵ مندا وتووێژ بکەی، وتم ئێوە بەمدواییانە لەجێگایەک وتوتانە کە “ئەگەر یەکێتی سۆڤیەت درێژە بەکێبرکێی سەربازی بدات بەچۆکدا دێت.” بەهۆی ئەوەی ئێوە میلیاردێرێکن‌و سیمایەکی سیاسی نین‌و لەرووی حیساب‌و کێتابەوە قسە دەکەن، هاتوم تا باسی ئەوەم بۆ بکەی کە قەرارە چی بۆ یەکێتی سۆڤیەت رووبدات؟”.

ڕاکفلێر چووە بەردەم تابلۆیەک کە لەنوسینگەکەیدا بو، وتی “من هەواڵێکی مەحرەمانەم لە بارەی چارەنووسی شەڕی ساردوە نییە و ئەگەر هەشمبوایە دەرم نەئەبڕی”.

لێکدانەوەی من گەلێک ساکارە:

ئێوە داستانی سەهمی تۆپ‌و سەهمی گۆی زەویتان بیستوە؟

(لەو ساڵەدا براوەی نۆبێلی ئابووری، سەهمی تەسلیحاتی نیزامی بەسەهمی تۆپ‌و سەهمی خۆشگوزەرانی ئابوری بەسەهمی گۆی زەوی شوبهاندبو).

وتم: بەڵێ.

ڕاکەفلێر لەدرێژەدا وتی: دەزانی کە سەهمی تۆپ لەویلایەتە یەکگرتوەکاندا یەک‌و نیو لەسەدو لەیەکێتی سۆڤیەتدا ١٢ لەسەدە.

ئەگەر شەڕی ساردو کێبڕکێی تەسلیحاتی درێژەی هەبێت دەبێ ئەمریکا سەهمی تۆپەکەی دو بەرابەر بکات یەکێتی سۆڤیەتیش پێویستی بەم رێژەیە هەیە تا بەجێنەمێنێ‌و سەهمی تۆپ لەئەمریکادا ٣ لەسەدو لەیەکێتی سۆڤیەت ٢۴ لەسەد دەبێت کە بەکردوە بوجەی پیشەسازی یەکێتی سۆڤیەت هەڵئەلوشێت بەڵام لەئەمریکا ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ رونادات.

ئێستا ئەگەر کێبرکیەکە زیاتر بێت‌و دیسانیش ئەمریکا بوجەی سەربازی خۆی بۆ دو هێندە زیاد بکات سەهمی تۆپ لەئەمریکا دەبێتە ۶ لەسەدو لەیەکێتی سۆڤیەت دەگاتە ۴٨ لەسەد کە بەکردەوە دەوڵەتی مۆسکۆ بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات توشی ئیفلیجی دەبێت. و ئەگەر دیسانیش ئەمریکا بوجەی نیزامیەکەی دوو بەرابەر بکات سەهمی تۆپ لە ئەمریکا دەگاتە ١٢ لەسەد واتە رێژەی ئەمرۆی یەکێتی سۆڤیەت ، بەڵام ئابووری یەکێتی سۆڤیەت لێک هەڵدەوەشێت. کەوایە لەم کێبرَکیەدا براوە ئێمەین. تەنیا ١۵ ساڵی پێچوو تا ئەم پێش بینیەی ڕاکفلێر وەراست گەرا.

0 پاسخ

دیدگاه خود را ثبت کنید

Want to join the discussion?
Feel free to contribute!

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *